|
به‌شی سێیه‌م! ـ له کوێی ئێستا؟ ـ له پۆل هاتوومه‌ته دەرەوە و له‌گه‌ڵ تۆدا خه‌ریکم قسه دەکه‌م. ئه‌وەی که ئه‌وەنده گه‌ڕابوو به دوای ناو و ژمارەی مندا و له گه‌ڵ ئه‌وەش مه‌ستیی نیگاکانی ئه‌و شه‌وەی و دەنگه سیحراوییه‌که‌ی بانگی ئه‌وەیان به گوێم‌دا دەدا که له نزیکه‌وە، بیبینم. ـ ئه‌مڕۆ که‌ی ته‌واو دەبی؟!ـ نزیک کاتژمێر 15:00، ئه‌ی تۆ؟ ـ منیش هه‌ر ئه‌و کاتانه! ـ دەتوانین یه‌کدی ببینین؟ پێمخۆشه له نزیکه‌وە قسه بکه‌ین! ـ م م م ، زۆر باشه! ئاگادارت دەکه‌مه‌وە، خۆم زەنگت بۆ دەدەم. ـ چاکه چاوەڕێی زەنگی تۆم! رۆیشتمه‌وە سه‌ر پۆله‌که‌م و له کاتێکدا که چرکه ئه‌ژمێریم دەکرد که‌ی زەنگ بداته‌وە، موبایله‌که‌م له به‌ر دەستی خۆم دانابوو و چاوەڕێی راچڵه‌کان بووم به هه‌ڵبوونی لامپه‌کانی. بیرم هه‌ر لای ئه‌و بوو! ئه‌و شه‌وەی یه‌که‌م نیگا و یه‌که‌م زەنگدانه نهێنییه‌که‌ی و ئه‌و داستانه‌شی که چه‌ندە به دوامدا گه‌ڕابوو و ته‌قی دەرگه‌ی چه‌ند که‌سی دابوو تا ئه‌وەی منی دۆزیبۆوە،هه‌مووی به بیرمدا دەهات و وەک هاتوچۆی میله‌ی سه‌ر گه‌ردنی کاتژمێرێکی کلاسیک که بۆ چرکه‌یه‌ک درنگه‌یه‌ک دەکا، ئاوا بۆ هه‌ر چرکه چرکه‌ی ئه‌و بیرانه‌م ، هزرم چرکه‌یه‌کی دەکرد. زەردەخه‌نه‌یه‌ک بێ ئه‌وەی ئاگام لێی بێ، بووبووە میوانی لێوەکانم. مامۆستایه‌کم که ناوی " ئێڤا" یه و خه‌ڵکی وڵاتی " بلژیک" ه و ساڵانێکه له نورویژ دەژی و مرۆڤێکی زۆر رۆح سووکه، جار جار چاوێکی لێدەکردم و پێموایه هه‌ستی دەکرد که من له باتی ئه‌وەی له پۆله‌که‌ی ئه‌ودا دانیشتبم و گوێ بۆ وانه‌کانی ئه‌و بگرم و له گه‌ڵیاندا سه‌رقاڵ بم، بیرم له پۆلێکی دیکه‌دایه و خه‌ریکی خوێندنه‌وەی وانه‌ی دیکه‌یه و به قاچاخ له پۆل چۆته دەرەوە. وانه‌ی " دوکولایڤ" ی مامۆستا ئێڤا له هزرم دوور بوو. هه‌ر بۆیه منیش هاوکات که ئه‌و جار جار چاوی لێمدەکرد و زەردەخه‌نه‌کی دەنارد، زەرده‌خه‌نه‌یه‌کم بۆ دەنارد و به زمانی جه‌سته، وەڵامم دەدایه‌وە که به‌ڵی راسته مامۆستا، باشی بۆچووی! په‌له‌م بوو، کات که‌ی ته‌واو دەبێ و که‌ی بیبینم؟ له‌و کاته‌دا " پێته‌ر" ی هاوڕێم که خه‌ڵکی ئاڵمانه و زۆر شلوغه و له‌وبه‌ر مێزی کۆمپیۆتێره‌که‌ی مندا دادەنیشێ " ئێ پۆست" ێکی بۆ ناردم و که کردمه‌وە، دیتم نووسیویه‌تی؛ دەزانی " ئێڤا" حه‌زی لێته؟! ـ ها ها ها ها ها! دام له قاقای پێکه‌نین و هه‌موو پۆله‌که راچڵه‌کین و بوو به پێکه‌نین و هه‌موویان چاویان بڕییه ناوچاوم! ـ دەتوانی بڵێی که به چی پێدەکه‌نی؟ با ئێمه‌ش زیاتر پێبکه‌نین! ـ نا نا، ببوورن، هیچ نه‌بوو! هاوڕێیه‌ک شتێکی بۆ ناردووم و هه‌ندێک شتی رابردووی وەبیر هێنامه‌وە! ببوورن! تۆ بڵێی یه‌که‌م دیدار چۆ بێ؟ ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌ک گرتوومی! چی بڵێم؟ چۆن چاوی لێبکه‌م؟ باشه خۆ یه‌که‌م جارەکان که له " تێبان" و له بۆنه‌که‌دا بینیم، وا نه‌بووم! پێش له‌وەی بێمه دەرەوە، خۆمم شیک کردووە و جلوبه‌رگه‌کانم قۆزن و قژم زۆر جوانه و قیت و قۆز ئامادەی دیدارم. بزە و پێکه‌نینه‌کانم خۆیان بۆ دیدارێکی ته‌ڕ و ئاشنا ئامادە کردبوو، به‌ڵام نایشارمه‌وە ، شه‌رمه هه‌میشه‌ییه‌که‌م هه‌ر له کۆلم نه‌دەبۆوە! ئیدی خۆتان دەزانن که من چه‌ندە شه‌رمنم! وانییه تو خوا؟! کات ته‌واو بوو، به‌رەو " تێبان" ( شه‌مه‌ندەفه‌ری گواستنه‌وەی نێو شار که زیاتر رێگه‌ی هاتووچۆی ، تونێلییه و له هه‌ندێک له وڵاتانی ئوروپایی‌دا پێی دەڵێن " میترۆ" ) ، وەڕێکه‌وتم. خه‌ڵکینه دڵم له‌سه‌ر سه‌دوبیست لێی دەدا! زەنگێکم بۆ هات، به‌ڵی خۆی بوو! ـ چۆن یه‌کدی ببینینه‌وە؟ له کام ڤاگۆن دادەنیشی؟ ـ نازانم، تۆ ڤاگۆنه‌که دیاری بکه ! " تێبان" ه‌که زۆر قه‌رەباڵغ بوو و ئێمه‌ش خه‌می ئه‌وەمان بوو ئه‌م دیدارە به باشی سه‌ربگرێ! پێش له‌وەی تێبانه‌که بگات، من له‌وێ بووم و چاوەڕێیم دەکرد! ئه‌ویش گه‌یشتبووە ناوەندی شار و به‌رەو لای من دەهات! پریشکی تیشکی چاوە بریقه‌دارەکانی تێبانه‌که خۆی خزاندبووە نێو تاریکی تۆنێله‌که و تا دەهات، زیاتر سه‌روسیمای " تێبان" وەدەر دەکه‌وت. دڵم وەخۆرپه نیشتبوو، چه‌ن جار له چرکه‌یه‌کدا دەستم به سه‌ر و پرچ و چاو و برۆکانمدا دەهێنا. ملیوانی کراسه‌که‌م رێک دەکرد و له لایه‌کی دیکه‌وە، کاتژمێرەکه‌ی دەستمم ئه‌مدەستاودەست پێدەکرد ، بۆ ئه‌وەی بزانم له کامیاندا جوانترە و سه‌رنجڕاکێشترە! جانتاکه‌ی شانمم جاریک له‌م شان و جارێکی دیکه له‌و شانم دەکرد. ژستێکی رۆمانتیکم به خۆم دابوو! بۆ ئاوێنه‌یه‌ک یان شووشه‌یه‌کی روون یان نیوە لێڵ دەگه‌ڕام که پێش له هاتنی ئه‌و خۆمی تیا ببینم! دەسماڵێکم له پێڵاوەکانم دا و تۆزێک کرێمی لێو که له‌سه‌رمادا به‌کاری دێنم بۆ ئه‌وەی لێوەکانم وشکه نه‌به‌ستن، دا له لێوەکانم تا له کاتی پێکه‌نین یان خه‌ندەکانمدا ،کێشیان بێت و به‌رقیان لێ ببێته‌وە و بزە و خه‌ندەکانم جوانتر بن! دەزانن چی؟ ئه‌وەندە دڵه‌خورپه گرتبوومی، له‌وە دەترسام له یه‌که‌م دیداردا له باتی ئه‌وەی بڵێم، سڵاو، ووشه‌ی خوا حافیزی به‌کار بێنم! پێمه‌که‌نن! مه‌گه‌ر نه‌مگووت، شه‌رمێونم؟! " تێبان" ه‌که گه‌یشت و دەستم نا به " کناپ" ( کڵانه‌ی کردنه‌وەی دەرگه‌ی تێبان) ه‌که‌دا و له یه‌که‌م ڤاگۆن چوومه ژوورەوە! درێژەی هه‌یه...
|
About![]()
Home
|