|
به‌شی دووەم: پشوویه‌ک راگه‌یه‌ندرا. شیرینی دانرابوو! نه‌ک هه‌ر شیرینییه‌که، بگرە هه‌موو ئه‌و ساڵۆنه و دانیشتووەکانی له پێش چاومدا شیرین بووبوون. هاوکات نیگامان خسته نێو چاوەکانی یه‌کدی. هه‌ستم دەکرد ئه‌ویش بیر له‌وە دەکاته‌وە که منی له کوێ دیتووە! دیاربوو ئه‌ویش منی وەبیر هاتۆته‌وە! کاتی چاوبڕینه نێو چاوەکانی، خۆڕسکانه زەردەخه‌نه‌یه‌ک له زارم بۆوە! پێموایه به باڵی چاو و زەردەخه‌نه‌یه‌ک پێمگووت: ئه‌های تووڕە، ئێستا تۆم وەبیر هاته‌وە! ئه‌ویش زەردەخه‌نه‌و نیگایه‌کی سیحراوی پێدام! ئارامیی لێبڕیم! هه‌ر لامدەکردەوە به لایدا. ئه‌برۆکانم بوبوونه سێبه‌روانێکی نهێنی‌پارێز بۆ نیگا پڕ له نهێنییه‌کانم که به‌رەو ئه‌و دەمناردن. بۆ هه‌موو نیگاکانم، نیگایه‌کم له‌وەوە وەردەگرته‌وە! باوەڕ بکه‌ن خه‌ریک بوو له بیرم بچێته‌وە که له کوێ و له کام کۆڕدا دانیشتووم! نۆرەی قسه‌کردنم هات و رۆیم قسه‌م کرد! ئیدی ئه‌و ته‌نیا رەنگی چاو و برۆ و زەردەخه‌نه‌ی منی نه‌بوو، بگرە دەنگیشمی بیست. ئه‌وە له کاتێکدا بوو که من کوڵابووم بۆ بزه هه‌نگوێنی و شیرینه‌کانی ئه‌و! پرچی لوول و ته‌ڵ ته‌ڵ بوو و شه‌رابی، چاوی مه‌ست و به کل کێشراو، لێوی شه‌رابی و که‌نار بۆ دانراو و رەشه کراسێکی ناسک که جه‌سته‌ی سپی ئه‌وی له خۆیدا شاردبۆوە، له هه‌موویان سه‌رنجڕاکێشتر، ئه‌و تێڕوانینه تینووانه‌ی، منیان به‌رەو تیڕوانینێکی مه‌ستی خه‌واڵوو بردبوو. ئای که چه‌نده حه‌زم لێ‌بوو ئه ساته لێوەکانم تێکه‌ڵ به‌و لێوانه کردبا و وەک پاپۆڕە‌که‌ی "تایتانیک" نوقمی زەریای بێبه‌ری ئه‌و مه‌ستییه‌ی ئه‌و ببام! وێڕای ئه‌و هه‌موو ماندووییه‌م، ئارەزووم دەکرد ئه‌و کۆڕە قه‌ت ته‌واو نه‌بێ! گوڵێکم له کۆڕەکه وەرگرت. دەمه‌ویست بیدەمه دەستی! زۆر هه‌وڵمدا و نه‌مدەزانی چۆن بکه‌م! له‌سه‌ر مێزەکه‌ی دایبنێم؟ نا، نابێ! قسه‌ی له‌گه‌ڵ بکه‌م؟ نا، نابێ! ئه‌ی چی بکه‌م؟! هیچ! ئه‌ی خوایا، ئاخر بۆ؟! له ئاکامدا به‌وە رازی بووم له کاتێکدا که له‌گه‌ڵ که‌سێکی دیکه‌دا قسه‌ی دەکرد، به لایاندا تێپه‌ڕم و به دەنگی به‌رز بڵێم: شه‌وتان شاد! له جاری پێشوو زیاتر بیرم لێدەکردەوە! نیگاکانی ، تیڕوانینه مه‌سته‌کانی، هه‌ستکردنم به ئارامی بۆ ئه‌و! نزیک به دوو رۆژ چاوم له چاوەکانی بڕاو و هه‌مدیسان ونبۆوە! له " تێبان" دا هه‌ر چاوم دەگێڕا، که له‌وانه‌یه بیبینمه‌وە! ئایا له‌م ناوچانه دەژی؟ نازانم! کۆرسه‌که‌م ته‌واو بووبوو، زەنگێکیان بۆ دام و موبیله‌که‌م هاواری لێبه‌رز بۆوە: ( بێ ژمارە) ـ ئه‌لۆ، به‌ڵێ فه‌رموو! ئه‌لۆ! ـ ببورە له‌گه‌ڵ کێ قسه دەکه‌م؟ ـ دەکرێ بفه‌رموون کێ زەنگی بۆ کێ داوە؟ ـ ئه‌ها، ببوورە هه‌ڵه زەنگم داوە! ـ تکایه، ئاساییه! کاتێکی خۆش! کێ بوو خوایا؟ دەنگێکی ئاشنا بوو. نا، نازانم، دەی له بیری خۆتی به‌رەوە! رۆژێک دواتر له پۆلدا دانیشتبووم، زەنگێکیان بۆ دام. هه‌مدیسان ژمارە نه‌که‌وتبوو. ـ ئه‌لۆ سڵاو! ـ سه‌رچاو! ـ ببورە دەتوانن بڵێن ئێوە کێن؟ ـ خانم ئێوە زەنگتان داوە، سه‌رەتا بفه‌رموون خۆتان کێن؟ ـ باشه باش، به‌ڵام دەمه‌وێ بزانم تۆ فڵان که‌سی؟ ـ به‌ڵێ من فڵان که‌سم! ئێوە؟! ـ ئاخر من چه‌ن نیشان و چه‌ند جار ئه‌م ناوەم له " گووگل" دا دۆزیوەته‌وە! فڵان نیشان، ئه‌وە نیشانێکی دیکه و ... ـ خانم گیان، ئه‌و ناو و شۆرە‌ته‌ی من تاقانه‌یه له‌م وڵاته. ئه‌و نیشانانه‌ش هی منن. ئه‌وە گواستوومه‌ته‌وە. پاش ئه‌وەی دڵنیا بوو که من ئه‌و که‌سه‌م به دوایدا گه‌ڕاوە، لێم پرسی: ـ ئێستا بڵێ ئێوە کێن؟ ـ نایڵێم! پاش وەستانێکی چه‌ند چرکه‌یی گووتی: ـ له‌م رۆژانه له بۆنه‌یه‌کدا به‌شدار نه‌بووی؟ هه‌ندێک وەستام. کۆڕەکه‌م بیر هاته‌وە! ئه‌رێ ئه‌رێ ، دەبێ خۆی بێ! ـ ئه‌ها ئێستا دەزانم، چڵکن ئه‌مه خۆتی؟ ( پێکه‌نینێکی دوو لایه‌نه) درێژەی هه‌یه ...
|
About![]()
Home
|