|
به‌شی یه‌که‌م: تا دەمه‌وبه‌یان نه‌نوستبووم و قوڕگ ئێشه‌یه‌کی خراپیش ئازاری ئه‌دام، نه‌خۆش و ماندوو، به‌ڵام چارە نه‌بوو! دەبوو به دەم جێبه‌جیکردنی کارەکانمانه‌وە بام! له پله‌کانه‌کانی " تێبان " دەهاتمه خوارەوە و بیرم زۆر ئالۆز بوو. ته‌نیاییه‌ک دایگرتبووم، وەک چۆن زۆرە به‌فری ئه‌م زستانه سێبه‌ری خۆی به سه‌ر هه‌موو ئه‌م وڵاته‌دا کێشاوە. دەسته‌کانم له گیرفانمدا بوون و ته‌نیا جه‌سته‌م له نێو " تێبان" دا بوو و هه‌نگاوەکانمی دەگواسته‌وە. له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و بێتاقه‌تییانه، له پڕێکا چاوم سه‌رنجی به‌رەو تووڕەیی نێوچاوانێکی شیرین رۆیی. پرچی نیوە لوول و شیوەبوو به سه‌ر شان و ملیدا، له ئه‌سپ سوارێکی پڕ پشت و ژاندارمێکی توورە دەچوو. نازانم بۆ هه‌ر پێمخۆشبوو چاوی لێبکه‌م!؟ نه‌ختێکم چاو لێکرد، نیگایه‌کی ترسناکی پێدام. به‌شێوەیه‌ک که هه‌ستم دەکرد چاوم له چاوی ژنراڵێکی تووڕەی نێو سپاکه‌ی " هیتلێر" کردووە. وێڕای ئه‌وەش هه‌ر شیرین بوو بۆم! تووڕەییه‌که‌شی سه‌رنجڕاکێش بوو ! نازانم چۆن و له کوێ بوو که وەک تارماییه‌ک له نێو حه‌شیمه‌تی خه‌ڵکدا ونمکرد و ناچار له‌و شوێنه‌ی یان له‌و وێستگه‌یه‌ی ونمکرد، گه‌ڕامه‌وە به دواییدا و چاوەڕێ بووم هه‌ر چرکه‌یه‌ک له قوژبنێکدا دەرکه‌وێته‌وە و ئه‌و چاوە تووڕانه‌ی هه‌مدیسان به سه‌رمدا بکاته‌وە و وەک قه‌ڵغان به دژ چاوەکانمدا بچێته‌وە. ماندوو بووم و نه‌مدزۆییه‌وە! زەردەخه‌نه‌یه‌ک سه‌ر لێوەکانمی گرت، تۆزێک سه‌رم له‌قاند و به‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی خۆم پێکه‌نینم دەهات! بڕیارم دابوو ئیدی هیچ چاوێک سه‌رنجی چاوەکانم رانه‌کێشێت، به‌ڵام وا دیار بوو که چاوەڕوانییه‌کی وا له دڵمدا دروست بووە که جارێکی دیکه ئه‌و چاوە تووڕانه چاوەکانم راکێشی شه‌ڕە چاوی عه‌شق بکه‌نه‌وە. بڵێی جارێکی دیکه ئه‌و چاوانه ببینمه‌وە و چاوەکانی من بکه‌نه ئاوێنه بۆ تێڕوانینی باڵی چاو و شانه کردنی زوڵفی ئالۆزاوی خۆشه‌ویستی؟! ـ زەردەخه‌نه‌یه‌کی شێتانه ـ !! جاران ماندوو بووم به دەست هاتووچۆکردن به " تێبان". به‌ڵام هه‌ستم دەکرد ئیدی دڵم چووەته خانه‌ی ئه‌و شێوە هاتووچۆیه و له لاما زیاتر دڵگیر بووە. چه‌ن رۆژ تێپه‌ڕی و خه‌ریک بوو له بیرم بچێته‌وە که وەها مرۆڤێکم دیتووە. ئێوارەیه‌ک راسپێرام له کۆڕێکدا به‌شدار بم. وەک تایبه‌تمه‌ندی جارانم هه‌مدیسان شه‌و نه‌نووستبووم و کاتژمێر نزیک حه‌وتی به‌یانی خه‌و خۆی کرد به میوانی چاوەکانم . کاتژمێر دووی دوا نیوەرۆ بوو که باوەشی خه‌وم به‌جێهێشت و نه‌مدەزانی به‌رەو باوەشی کێ دەڕۆم. نه‌مدەویست بڕۆم بۆ ئه‌و کۆڕە! ناچاریش بووم که بڕۆم! هه‌رچۆنێ بوو، خۆمم شیک کرد و دەقکراو و به نابه‌دڵی به‌رەو شوێنی مه‌به‌ست وەڕێکه‌وتم. حه‌شیمه‌تێکی به‌رچاو ئامادە بوون و له‌وێدا شتێک یان که‌سێک نه‌بوو که سه‌رنجی من راکێشێت. له کاتی دانیشتنمدا چاوم که‌وته سه‌ر دەرگه‌ی هاتنه ژوورەوە. تارمایی بوو یان سه‌روپرچی رەشی چاومه‌ستێک که سه‌رنجمی به‌رەو لای خۆی برد! دیتوومه...! دەیناسم...! نا، له کوێم دیتوە؟ ئاخر دەیناسم!! بیرم هه‌ر لای ئه‌و بوو! له پڕێکا خانه‌ی بیری ئه‌وم دۆزییه‌وەو زەرده‌خه‌نه‌ک سه‌ر لێوەکانی گرتمه‌وە. هه‌ر ئه‌و چاومه‌سته چاوتووڕە‌یه‌ی نێو تێبانه‌که بوو که له‌و کۆڕەدا سه‌ری هه‌ڵدایه‌وە! پاش ئه‌و هه‌موو گه‌ڕانه به دوایدا و نه‌دۆزینه‌وەی، خۆی وەک کارگه شێته‌ی به‌هاری له به‌ر دەممدا سه‌ری هه‌ڵدا. درێژەی هه‌یه...
|
About![]()
Home
|